ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ئازار وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ڕایگەیاند، کارەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەڵپەساردووە.
بریارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دوای ئەوە هات دادگای ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ بریاریدا بەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ و ٢٠ کەسی دیکە بخرێنە زیندانەوە و نۆ کەسیش بە مەرجی دادی ئازادکراون. هاوکات، "لێپرسینەوەی دادوەری لە گومانلێکراوەکانی دیکە بەردەوامە."
دوابەدوای راگەیاندنی سزاکەی ئیمامئۆغلو رایگەیاند، "ئێوە لە بەرامبەر مافەکانمان، بوێرییمان، بێفیزی و ڕووخۆشی ئێمەدا لەناودەچن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی، "بۆ گەلە ئازیزەکەمان، دڵتەنگ مەبن، خەمبار مەبن، هیواتان لەدەست مەدەن، بەیەکەوە ئەم هێرشەی دژی دیموکراسیمان دەشکێنین، ئەم گڵاوییە پاک دەکەینەوە، ئەو ڕۆژانە نزیکن کە ئەو کەسانی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن لەم دونیا ئەو دونیاش لە بەردەم خودای مەزندا حیسابی خۆیان بدەن".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٩ی ئەم مانگەوە و
دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ و ٩٩ کەسی دیکە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە، لە ئیستانبوڵ و چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیا خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری دەستیپێکردووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانیش، تورکیا هەموو خۆنیشاندان و گردبوونەوەیەکی بۆ چوار ڕۆژی دیکە قەدەغەکردەوە لەگەڵ ئەوەی چوار ڕۆژ پێشتر قەدەغەی دیکەی ڕاگەیاندبوو.