هاوسەرۆکی دەم پارتی و سەرۆکی جەهەپە، لەبارەی دۆخی تورکیاوە دەڵێن" دوورخستنەوەی ئیمام ئۆغلو پڕۆسەی ئاشتی ژەهراوی دەکات".
تونجەر باكرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەوەی لە ئەستەنبوڵ دەگوزەرێت، زیان پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەرفەتێکە بۆ تورکیا، ئەم دەرفەتە بە پیلانی دادوەری و قەیومەکان تێک مەدەن.
باكرهان وتیشی" ئێمە لە دەم پارتی، دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلین بە رێگەی نایاسایی و کودەتای سیاسی، هەڵوێستمان روونە، لە هەر شوێنێک نادادپەروەری و بێ یاسایی هەبێت، ئێمە بە هاودەنگی لەوێین".
هەروەها لای خۆشییەوە ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە، ڕایگەیاند" پەیامی حیزب لەسەر ئەم بابەتە ئەو پەیامەیە کە لە دەمی سەرکردەی پارتەكەوە دەدرێت".
لە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگەوە و دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و ٩٩ کەسی دیکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، لە ئیستانبوڵ و چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیا خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری دەستیپێکردووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانیش، تورکیا هەموو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی بۆ چوار ڕۆژی دیکە قەدەغەکردەوە لەگەڵ ئەوەی چوار ڕۆژ پێشتر قەدەغەی دیکەی ڕاگەیاندبوو.