ماڵپەڕێکی جیهانی کەشوهەوا پێشبینی دەکات لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا باران دەبارێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.
ماڵپەڕی ئەکواویزەر کە ماڵپەڕێکی جیهانی کەشوهەوایە، ئەوە دەخاتەروو، ڕۆژی ٣٠ی مانگ کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاسمان بەگشتی هەور و هەتاو دەبێت، هەروەها لە دووەم ڕۆژی جەژندا ئەگەری باران بارین هەیە و پلەکانی گەرماش دادەبەزن، هاوکات لە سێیەم ڕۆژی جەژنیشدا کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و ئاسمان دەگۆڕێت و بۆ هەور و هەتاو.
هاوکات ماڵپەڕەکە پێشبینیدەکات، لە یەكەم و دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە پارێزگای هەولێر ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە سێیەم ڕۆژیدا دەگۆڕێت بۆ ساماڵ، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک لە یەکەم و دووەم ڕۆژی جەژندا ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە سێیەم ڕۆژیشدا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەور و هەتاو، لە کەرکوک و هەڵەبجەش ئەگەری بارانبارین هەیە.
ئەکواویزەر ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی ٢ی نیسانەوە تا ٥ی نیسانی ٢٠٢٥ شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات و پلەكانی گەرماش ڕوو لە دابەزین دەكەن.
بەپێی پێشبینییە فەلەكییەكان، ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەبێت.