بەگوێرەی نوێترین زانیاری خەرجكردنەوەی ١٠٠ هەزار دینارەكەی خانەنشینان بۆ مووچەی مانگی سێ جێبەجێنەکراوە و بەرپرسێکی وەزارەتی داراییش دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە سودانی بڕیاری لێداوە و لەیاسای خانەنشینی یەگرتووی عێراقدا بوونی نییە.
بڕی ئەو ١٠٠ هەزار دینارەی كە لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە مووچەی خانەنشینان بڕدراوە، لە لیستی مووچەی مانگی سێی خانەنشینانی هەرێم نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان و لەوبارەیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کە بۆ میدیاکان دواوە، دەڵێت " بڕی ئەو ١٠٠ هەزار دینارەی كە بۆ مووچەی خانەشنیان زیادكراوە بەبڕیاریكی تایبەتی محەمەد شیاع سودانی، سەروك وەزیرانی عێراق بووە و پەیوەندی بەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقەوە نییە و وەك مینحەیەك خراوەتەسەر مووچەی خانەنشینی".
دەشڵێت "هەر بڕە پارەیەك بەیاسا بڕیاری لەبارەوە نەدرابوو یاخود ناوی مینحەی لێنرابوو ئەوا دەبێت ساڵانە بڕیاری نوێ بۆ خەرجكردنی ئەو مینحەیە دەربكرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر ئەو نوسراوە نەكردووە كە تایبەت بە خەرجكردنەوەی ئەو ١٠٠ هەزار دینارەی كە دەچێتە سەر مووچەی ئەو خانەنشینانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە".
هەر بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی بێت، لە مووچەی دوو مانگی رابردوو ئەو ١٠٠ هەزار دینارە خەرجنەكراوە و بۆ "ئەم مانگەش بەهەمان شێوە لە لیستی خانەنشینان ١٠٠هەزار دینارەكە نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان.
ئەوەشی خستەروو "ئەگەر لەمانگی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدات ئەوا سەرجەم ئەو ١٠٠ هەزار دینارانەی خەرجنەكراون بۆیان خەرجدەكرێتەوە".