حەیدەر عەبدولغەنی: هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم نییە

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٨٦ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر ئەو پرۆسەوە نییە".

حەیدەر عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە ڕایگەیاند" بە ڕێکخراوی ئۆپیکمان ڕاگەیاندووە کە ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٨٦ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و جەختیشیکردەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتەکەیدا نییە".

ئەوەشی خستەڕوو کە بە پێی یاسای بودجە ١٦ دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە.
ڕاشیگەیاند" چاوەڕوان دەکرێت بڕی هەناردەکراوی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە بگاتە ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کرد کە ئێران بەڵگەنامەی عێراقی ساختەکردووە بۆ ئەوەی لە فرۆشتنی نەوتدا خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بدزێتەوە و وتیشی"لایەنی ئەمریکامان ئاگادارکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە".

ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا ڕۆژانە عێراق سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.




AM:10:26:24/03/2025