جەهەپە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو بەڕەسمی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا کاندید دەکات

پارتی کۆماری خوازی گەلی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی هەڵپەسێردراوی ئەستەنبوڵیان وەک کاندیدی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا هەڵبژاردووە". 

ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی پارتی کۆماری خوازی گەل (جەهەپە)، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتەکەدا کردووە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەو پارتە".

ئۆزال ڕاشیگەیاند" لەو هەڵبژاردنەدا کە لە بارەگای پارتەکە بەڕێوەچوو، یەک ملیۆن و ٦٥٣ هەزار ئەندام و زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس دەنگیان داوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پشتیوانی بەربڵاوە بۆ ئیمامئۆغڵو، تەنانەت لەنێو ئەندامانی غەیرە حزبیشدا".

هەروەها لای خۆشییەوە دەنیز یوجەل وتەبێژی پارتی گەلی كۆماری توركیا، بڵاویكردەوە" لە ئێستا بە رەسمی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو-یان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا كاندید كردووە". 

دوێنێ یەکشەممە ئیمام ئۆغڵو بە چەند تۆمەتێك دادگای تاوانەكانی ئیستانبوڵ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەركرد. 

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و ١٠٠ کەسی دیکە بە تۆمەتی "گەندەڵی و بەرتیلدان و تیرۆر" دەرکرد.

هەروەها لەنێو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، موراد ئۆنگون، ڕاوێژکارەکەی، ڕەسوڵ ئێمرا شاهان، سەرۆکی شارەوانی شیشلی، موراد چالیک، سەرۆکی شارەوانی بەیلیکدوزو، ئەرکان ساچی مۆسیقاژەن هەن.



PM:01:34:24/03/2025