تەندروستی هەرێم لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ گیان لەدەستدانی پزیشکێک پێکدەهێنێت

تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی گیانل ەدەستدانی پزیشکێک لە مێرگەسۆر پێکهێنراوە". 

وەزارەتی تەندوستی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" دوابەدوای هەردوو ڕوداووی دڵتەزێنی هاتووچۆی یەک لە دوای یەکی ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە و دواتر وەڕگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی هەمان بریندارانی ڕوداوەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢١ی ٣ لە سنوری قەزای مێرگەسۆر کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی پزیشکی جوانەمەرگ قەحتان جیهاد سورچی، لە کاتی دەوامی ئێشکگری و ئەرکی فەرمی و گەیاندنی نەخۆشدا". 

ڕوونیشیکردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری تەندروستی، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی و بەشداری سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و ڕێککاری یاسایی و دادوەری و ئامادەبوونی چاودێری دادوەری پەیوەندار، دەستبەجێ لێژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕووداوەکە و گیان لەدەستدانی خوالێخۆشبوو و بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی وردەکاری پێویست.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەمبولانسێک لە کاتی گواستنەوەی نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانەی بلێ لە سنووری پارێزگای هەولێر وەرگەڕاو لە ئەنجامدا پزیشکێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەی نێو ئەمبولانسەکە بریندار بوون.



PM:01:43:24/03/2025