"شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان خرانەخوارەوە و سێ چەکداریش کوژران"

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" دوێنێ تورکیا و چەکدارانی بەردەوام بوون لە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەكانیشمان توانیان سێ چەکداری سەر بە توركیا بكوژن و شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشیان خستە خوارەوە". 

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ لە دەوروبەری بەنداوی تشرین چەکدارانی سەر بە توركیا هێرشیانكردە سەر یەكێك لە بنكەكانی هێزەكانمان، بەڵام هێرشەكە پووچەڵكرایەوە، بەهۆی ئەوەی شەڕ و پێكدادان لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەكان دروست بوو، لە ئەنجامدا سێ چەکدار كوژران و دووی دیكەش برینداربوون". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" دوای شكستی هێرشەكە، دەوڵەتی توركیا و گروپە چەکدارەکانی هێرشێكی دیكەیان بە ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر پێگەكانی هێزەكانمان ئەنجامدا، بەڵام یەكینەكانی شەهید هارون توانیان شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بخەنە خوارەوە كە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خۆكوژی بوو". 

دەشڵێن" لە بەرەی قەرەقۆزاق تورکیا و چەکدارەکانی بە زیاتر لە هەشت گوللـە گوندەكانی بیر حەسوو و خاشخاشایان بۆردومانكرد و زیانی ماددی بەر دانیشتوانەكە گەیشت، هاوكات، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی توركیا بە درێژایی دوێنێ بەسەر شاری كۆبانی و شارۆچكەی عەین عیسا و گوندەكانی دەوروبەریان فڕیوە". 



PM:02:39:24/03/2025