پارتی و یەکێتی دوای چەند کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نێوانیان و، کۆبوونەوەکانی هەردوو لیژنەی تەکینکی، نزیکن لە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی پێکەوە لە بەردەم پەرلەمان دەنگیان پێبدرێت و سوێندبخۆن.
هەروەها ئەو دوو لایەنە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم یەک جێگری هەبێت و ئەویش بۆ یەکێتی بێت، یەکێتی بۆ ئەو پۆستە چاویان لەسەر شێخ جەعفەر مستەفایە.
لەلایەکی ترەوە رێککەوتوون کە جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان بدرێن بە یەکێتی، یەکێتی کە بڕیارەکانی زیاتر لە دەستی بافڵ تاڵەبانیدایەو ئەو بڕیاری لەسەر ئەو پۆستانە دەدات، بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی دادەنرێت، هەرچی سەرۆکی پەرلەمانە تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە.
" سپی " زانیوویەتی یەکێتی لە کۆی ٢١ وەزارەتی حکومەتی هەرێم، هەشت وەزارەتی پێدەدرێت کە دوانیان سیادی دەبێت.
سەبارەت بە لایەنەکانی تر کە بەشداری حکومەت دەکەن، تورکمان و مەسیحییەکان و حزبی سۆسیالیستە کە پێشبینی دەکرێت پارتی لە کۆی ١٣ وەزارەتەکەی دی ٣ وەزارەتیان پێبدات.
بێجگە دابەشکردنی پۆستەکان کە ئێستا پارتی و یەکێتی لەو قۆناغدان، هەردوو لیژنەی باڵاو تەکینیکی لەماوەکانی پێشوودا گفتوگۆیان لەسەر ژمارەیەک دۆسیە کردووەو لەسەر زۆربەیان رێککەوتوون، دۆسیەکانیش؛ هاوبەشی لە حکومدا، هێزە چەکدارەکان، دارایی و بودجە، پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، لامەرکەزیەت لە بەرێوەبردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، میدیا و ئازادییەکان، گەنجان و ژنان ، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دۆسیەی پێکهاتەکان.
بەبێ ئەوەی کەمترین زانیاری لەسەر ئەو دۆسیانە بڵاوکرابێتەوە کە رای هەردوو لانە لەسەر ئەو دۆسیانە چی بووەو، ناوەرۆکی دۆسیەکانی چییەو لەسەر چی رێککەوتوون.
هەروەها هەردوولا رێککەوتن کە ستراتیژێک دابڕێژن تا بۆ هەڵبژاردنی داهتووی پەرلەمانی عێراق بە لیستی هاوبەش بەشداری بکەن.