سەرۆکی جەهەپە: داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر هەر کەسێک دڵی شکابێت

سەرۆکی جەهەپە، بە شێوەی ناراستەوخۆ لە بەرانبەر بێڕێزییەکانی سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە بە ئاڵای کوردستان، داوای لێبووردن لە کورد دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئازار ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" ڕایگەیاند"جارێکی دیکە نەورۆز لە برایانی کورد پیرۆز دەکەم و کەس بۆی نییە بڕیار لەسەر پرسە نەتەوەییەکان بدات و داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر هەر کەسێک دڵی شکابێت".

هەروەها سەرۆکی جەهەپە سڵاویشی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش لە زیندان نارد.

بەشێک لە میدیاکان ئەو قسانەی سەرۆکی جەهەپە وەک داوای لێبوردنێک بەرامبەر بێڕزییەکانی مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە بە ئاڵای کوردستان و نەورۆز هەڵدەسەنگێنن.

مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە، دوو رۆژ لەمەوبەر ڕەخنەی لە پۆلیسی تورکیا گرتبوو و ڕایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکان بە بۆنەی نەورۆز شیرینی بە منداڵان دەدەن، بەڵام لە ئیستانبوڵ هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران، هەروەها بێڕێزیشی بە ئاڵای کوردستان کردبوو.




PM:07:10:24/03/2025