ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند" لێپرسینەوە لە ئۆپۆزیسیۆن دەکرێت" دەشڵێت" نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆ پیشاندانەکانیان کۆتایی دێت".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئازار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی وتی"ئۆپۆزسیۆن دەست لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنها شەرمەزارییە، دەشڵێت: خۆنیشاندانەکانی دژی لەکارلادانی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ گۆڕاوە بۆ توندوتیژی، زیان بەر موڵکی دەوڵەت و پۆلیس کەوتووە، ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد" کارە لە پێشینەکانمان پاراستنی ئابووری تورکیایە و ڕێگە نادەین زیان بەر ئەو کەرتە بکەوێت".
وتیشی" نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی دێت، شەرمەزار دەبن لەوەی شەڕیان بۆ تورکیا هێنا".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٩ی ئەم مانگەوە و دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ و ٩٩ کەسی دیکە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە، لە ئیستانبوڵ و چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیا خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری دەستیپێکردووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانیش، تورکیا هەموو خۆنیشاندان و گردبوونەوەیەکی بۆ چوار ڕۆژی دیکە قەدەغەکردەوە لەگەڵ ئەوەی چوار ڕۆژ پێشتر قەدەغەی دیکەی ڕاگەیاندبوو.