لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق: کێشەی پارەی کاشمان بۆ مووچە نییە

لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق  رایگەیاند"  هەرکات فەرمانی خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ درا، پارەی تەواومان لەبەردەستە و دەست بە خەرجکردنی دەکەین بۆ مووچە"، دەشڵێت" کێشەی پارەی کاشیان نییە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئازار لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" هیچ مانگێک پارەی کاش لە بە‌غداوە بۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت کە مانگانە بڕەکەی ٩٥٠ بۆ ٩٦٠ ملیار دینارە، بەڵکو لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق خۆی دەوڵەمەندە و بەردەوام پارەیەکی زۆری لەبەردەستە، مانگانە لە بەغداوە تەنیا نووسراوی خەرجکردنی پارەی مووچە (ئەشعار بانکی) بۆ بانکەکە دەنێردرێت".


هەروەها راشیگەیاندووە،"ئێستا زیاتر لە یەک تریلۆن دینار لە بانک ئامادەیە، هەر کاتێک نووسراوی خەرجکردنی پارەمان بەدەست بگات خەرجی دەکەین و پارە بەسەر بانکەکان دابەش دەکەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند"هیچ کێشەیەک لە پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵدا نییە و تەنیا ئەوە نەبێت کە وەزیری دارایی گوتوویەتی دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانمان، مووچەی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان دەنێرن".




PM:10:30:24/03/2025