بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای عێراق داوا لەو کەسانە دەکات کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ن کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدان دەربکەن، بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
نەبەرد عومەر بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" دانیشتوانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، هەروەها ئەوانەی لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ن، دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ نوێکردنەوە و دەرکردنی کارتی دەنگدان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت شوێنی دەنگدانیان بگوازنەوە دەتوانن سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جێبەجێدەکرێت، جگە لەو پارێزگانەی کە مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی وڵات دەیانگرێتەوە کە کارتی دەنگدەر ناتوانرێت بگوازرێتەوە.
نەبەرد عومەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکەی دەنگدان هەیە کە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوکدا دابەشکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ماوەی مانگێکی تەواو بەردەوام دەبێت، لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و لە ٢٥ی نیسان کۆتایی دێت.