دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک بەنداوی تشرین خرانەخوارەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٥ هێزەکانی سوریای دیموکرات خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە نزیک بەنداوی تشرین ڕاگەیاند.

هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە پێگەی فەرمی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە تۆپخانەی قورس ناوچەی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردومانکرد و زیانی ماددی بەرچاویان لێکەوتەوە، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە بەردەوامی بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕانەوە". 

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەوڵێکی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ دەستپێکردنی هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاڵەکانی هێزەکانی هەسەدە لە لادێکانی باکووری بەنداوەکە، یەکینەکانی شەهید هارون توانیان هێرشەکە پوچەڵ بکەنەوە و دوو فڕۆکە بخەنە خوارەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات باسی لەوەکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە درێژایی دوێنێ بەردەوام بوون لە فڕین بەسەر ناوچەی دێرحەفەردا.

دوێنێش هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، هەواڵی کوژرانی سێ چەکداری سەر بە تورکیا و خستنەخوارەی شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچە جیاوازەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند.



PM:12:03:25/03/2025