ژنە چالاکوانێکی کورد و هاوسەرەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران

دوو هاوڵاتیی كوردی خەڵكی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکران و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شنۆ محەممەدی تەمە ٣٤ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەكەی ئاریوان شاكری تەمەن ٣٥ ساڵ کە دوو چالاكوانی مەدەنی خەڵكی سنەن لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵەكەیان لە گەڕەكی حاجیاوای ئەو شارە و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر كران. 

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دەستگیرکردنی ئەم دوو هاوسەرە، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی كوردستان بووە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچوونەكانی بنەماڵەێ ئەم دوو هاوڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخیان بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێك لەم بارەیەوە خۆیان پاراستووە.

تائێستا هیچ زانیارییەكی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاوڵاتییە كوردە لەبەر دەستدا نییە.



PM:12:55:25/03/2025