وەزارەتی دارایی: سبەینێ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ریگەیاند"رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچە لەلایەن دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کرا"، دەشڵێت" سبەینێ بڕی زیاتر لە ٩٥٤ ملیار دینار وەک مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت".

ئەمڕۆ سیشەممە ٢٥ی ئازار وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی مووچەی مانگی سێ بلاوکردەوە کە تیایدا هاتووە"سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی ٩٥٤ ملیار و ٤٦٧ ملیۆن و ٧٧٩ هه‌زار دیناره‌، وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کرا".

باسی لەوەشکردووە" بڕیارە سبەینێ چوارشەممە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."

بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق پێش جەژن مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.




PM:02:18:25/03/2025