داواکارى گشتى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت" هەر دەزگایەکى راگەیاندن رووماڵى کوشتن بکات، رووبەڕووی رێككاری یاسایی دەبێتەوە".
فەرمانگەى داواکارى گشتى سلێمانى، ئەمڕۆ چوارشەممە لە نوسراوێکدا کە ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى سلێمانى کردووە، ڕایگەیاندووە" ئاشکرایە زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە تایبەتی تەلەفزیۆنە لۆکاڵ و سەتەلایتەکان لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە هەر ڕووداو و تاوانێک بە تایبەتی تاوانی کوشتن، لە کاتێکدا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن، کەچی بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕژنامه‌گه‌ری و میدیایی و پێچەوانەی یاسا‌و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان ئه‌و جۆره تاوان و ڕووداوانه ده‌كرێنه هه‌واڵی به‌په‌له و زانیاری بێ بنەماو ناڕاست بڵاودەکەنەوە".
داواکاری گشتی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە" لێکدانەوەی نایاسایی و نادروست بۆ ڕوداوەکان دەکەن، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری کوژراو دەکەن کە ئەمەش جگە لەوەی بە تاوان ئەژمار دەکرێت لە هەمانکاتدا كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به تایبه‌تی هه‌رزه‌كاران وه به‌لاڕێدابردنی ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان وه هه‌روه‌ها کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی و نەمانی متمانە و بڕوای خەڵکی بە دادگا و دام ودەزگاکانی حکومەتی هەرێم".
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن (میدیا بینراو بیستراوەکان) پابه‌ند بكرێن كه خۆیان به دووربگرن له ڕووماڵكردنی ئه‌و جۆره هه‌واڵه‌نه وه ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییەکان بکەن، به پێچه‌وانه‌وه فه‌رمانگه‌كه‌مان ڕێكاری یاسایی دژ به‌هه‌ر كه‌ناڵ و میدیایه‌ك ده‌گرێته‌بەر.