به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی حه‌ج و عومره‌ی كوردستان دەستی بە وەرگرتنی ڤیزا بۆ حاجیانی كوردستان كوردستان كردووە و دەشڵێت" وەك ساڵانی رابردوو نییە ڤیزا لە بەغدا یان عەممان وەربگیرێت، بەڵكو لە هەولێر دەبێت."
كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، ڕایگەیاند" پڕۆسه‌ی دابینكردنی ڤیزا بۆ حاجیانی كوردستان له هه‌ولێر به‌رده‌وامه و بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێم و بە هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی باڵای حه‌ج و عومره‌ی عیراقی كارەكان ئەمساڵ له شاری هه‌ولێری پایته‌خت كاره‌كان ئه‌نجام ده‌درێن".
وتیشی" ئه‌م پڕۆسه‌یه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج وعومره‌ی كوردستان و ده‌سته‌ی باڵای حه‌جی عێراقی ئه‌نجام ده‌درێت و بڕیاریشه له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسه‌كه كۆتایی بێت".
ڕاشیگەیاند، ساڵانی پێشتر ده‌بوایه هه‌موو پاسپۆرتی حاجیانی كوردستان ڕە‌وانه‌ی به‌غدا یان عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن بكرێت به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڤیزای حه‌ج، زۆرجاریش كێشه بۆ پاسپۆرته‌كان دروست ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت ڕاسته‌وخۆ چاره ده‌كرێت.
به‌پێی داتا فه‌رمییه‌كان، كه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم هه‌یه بۆ وەرزی نوێی حەجی ئه‌مساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس له هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌ردانی سعودیه ده‌كه‌ن، دیاریكردنی ئەم ژمارەیە بۆ هه‌رێمی كوردستان، بە گوێرەی رێنماییەکانی ئه‌م وڵاته رێکخراوە، کە بۆ هەر ملیۆن کەس، هەزار کەس دیاریکراوە.