" دەمیرتاش ئازاد دەکرێت "



پارێزەرێکی ناسراوی کورد ئاشکرایدەکات کە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئازاد دەکرێت.
رۆژی چوار شەممە عەبدولڕەحمان کەڕەبڵوت، پارێزەری بەناوبانگ لە باكووری كوردستان، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی کردووەتەوە " بۆ جەژن دەمیرتاش لەگەڵمان دەبێت".

چەند میدیایەکی تورکیاش بڵاویان کردۆتەوە، دەمیرتاش ئازاد دەکرێت و ئازادکردنەکەشی بڕیاری دادگای ناوێت. هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی پێشتر دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دووجار بڕیاری داوە ئازاد بکرێت و تورکیاش ئەندامە لەو دادگایە و دەبێت بچێتە ژێرباری بڕیارەکە.

سەلاحەدین دەمیرتاش کەسێکی یاسایی و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد و  چالاکوانی مافی مرۆڤی تورکیایە، لە ١٠ی نیسانی ١٩٧٣ لە شاری پالو لە پارێزگای ئێلازیغ لە ڕۆژهەڵاتی تورکیە لەدایکبووە. دەرچووی فاکەڵتی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە و پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە وەک پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ کاری کردووە.

 دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧ وەک ئەندامی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) دەستی بە کاری سیاسی کردووە، دواتر بووەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا. دوای ئەوەی پارتەکە قەدەغە کرا، پەیوەندی بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە)ەوە کرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی هەدەپە بووە.

دەمیرتاش خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ کاندید کرد و بە ٩.٧٧%ی دەنگەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٨دا جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە بە تۆمەتی تیرۆر و گوایە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە زیندانی کراوە.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤، دادگای تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ناڕەزایەتییەکانی کۆبانی" ساڵی ٢٠١٤ کە خۆپیشاندانی دژ بە گەمارۆدانی داعش بۆ سەر شاری کۆبانی سوریا بەڕێوەچوو، سزای ٤٢ ساڵ زیندانی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند.

 سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بۆ ئازادکردنی، دەمیرتاش هێشتا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.




AM:01:02:27/03/2025