جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان (گردەکە) ڕایدەگەیەنێت" هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە و بەرەی حەق تاجی سەرکەوتنی کردە سەری".
درەنگانی شەوی ڕابردوو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان - گردی زەرگەتە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" وەفادار بە بەڵێنمان کە هەموو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە".
ڕاشیگەیاندووە" بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، ٥ی نیسانی ٢٠٢٥ کاتژمێر ١٠ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدات، بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت".
ئەو لایەنەی کە خۆشی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان ناوزەد دەکات و دانای ئەحمەد مەجید سەرۆکایەتی دەکات تائێستا هیچ ڕاگەیەندراوێک فەرمی دەربارەی ئەم بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕانی گردەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازانی بەڕێز
هەڵسوڕاو و دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان
سەرکەوتنتان پیرۆز بێت!
پیرۆزبای لە هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەین کە چەند رۆژێک پاش ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد، کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بو، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری.
وەفادار بە بەڵێنمان کە هەمو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە.
بە هەموان رائەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام ئەدات. بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت.
لەم رێگەیەوە سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆی ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگێهێشت ئەکەین بۆ بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن.
جارێکی دیکەش پیرۆز بێت تاجی سەرکەوتن.