"لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا زیاتر لە ١٨ ژن کوژراون"

شەوی ڕابردوو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر سەبارەت بە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان گردبوونەوە. 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایانگەیاند" حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێم بەشێوەیەک زیادیکردووە کە کەم هەفتە هەیە هەواڵی کوشتنی ژنێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا کۆمەڵایەتییەکان نەبیستین". 

سەبارەت بە ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێم، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن" تەنها لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٨ ژن کوژراون". 

ڕوونیشیانکردەوە، لە شاری هەولێر لە ڕۆژی جیهانی ژنان و ئامادەکارییەکان بۆ یادی ڕاپەڕین و یادی ڕزگارکردنی شاری هەولێر و ئاهەنگی نەورۆز و لە نێو مانگی ڕەمەزاندا دکتۆرە سانا و خوشکەکەی و دایکی و باوکی بە ئاسانی درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانیان لەدەستدا. 

دەشڵێن" ئەم تاوانە و سەرجەم تاوانەکانی دیکەی کوشتنی ژنان زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی کاربەدەستانی ئەم هەرێمە ڕابچڵەکێنێ و دەستتێوەردانی خێرا بۆ نەهێشتنی کوشتنی ژنان بکات". 

هەروەها داوا لە وەزیری ناوخۆی هەرێم دەکەن کە بڕیاری ١٣ - ٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش نەتەوەیەکگرتوەکان کە تایبەتە پاراستنی ژن لە کاتی شەڕ و دوای شەڕ، بەجدی کار لەسەر ئەم داخوازیانە بکەن. 

هاوکات داواش دەکان دادگاکانی هەرێم بێ لایەنانە سزای قورس بەسەر بکوژانی ژنان بسەپێنن، بەهیچ شێوەیەک بکوژانی ژنان لێبوردنی گشتی و تایبەت نەیانگرێتەوە. 

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



AM:09:54:27/03/2025