ئەمڕۆ پێنج شەممە بەشدار بازیانی رۆژنامەنووس بە کەفالەت ئازاد کرا، هەروەها لە کاتی ئازادکردنی ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند" ئێمە ئازاد نین کەرامەتی پیشەکەمان لە کەدار بکەین و ببین بە ئامڕازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی کەسی و سەرمایەدارەکان".
ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، دوای ئازادکردنی بەشدار بازیانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئێمە وەک ڕۆژنامەنوس ئازادین، بەڵام لە هەموو شتێکدا ئازاد نین، بە نمونە ئازاد نین کە کەرامەتی پیشەکەمان لە کەدار بکەین، ئازاد نین ببین بە ئامڕازێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کەسی لە ناو میدیادا، ببین بە ئامڕازێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی نێوان سەرمایەداران یاخود لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بەکاربهێنرێین، وە ئازادیش نین بە هیچ شێوەیەک ڕۆژنامەنوس تێوەبگلێت لەگەڵ هێزی موخابەراتی بەوەی کە بەکاربهێنرێت".
وتیشی" ئێمە وەک سەنتەری میترۆ لە داهاتوودا قسەی جدیمان دەوێت لەسەر میدیایەک کە ناوی میدیای هەواڵگیرییە کە پارەی ڕشتووە بۆ میدیا و ڕۆژنامەنوسان قسەمان دەبێت لەسەر ئەوەی کە دامودەزگا داراییەکانی حزبەکان پارەیان ڕشتووە بۆ میدیا و بەکاریان دەهێنن لە ململانێکاندا".
ڕەحمان غەریب جەختیشیکردەوە، ڕۆژنامەنوس و دەزگای میدیا نابێت قبوڵی بکەن کەرامەتی پێشەکەیان لە کەدار بێت، ئەمڕۆ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دژ بەم ڕەفتارانە بوەستینەوە.
وتیشی" ئێمە پشتیوانی لە هەڵەی پیشەیی رۆژنامەنووسان دەکەین، بەڵام بابەتێک کە پەیوەندیدار بێت بە بابەتی بەکارهێنانی میدیا بۆ تەسفیەی حسابات و بابەتی کەسی، بێگومان ئێمە دژی دەبین".
هەروەها لای خۆشییەوە
دوای ئازادکردنی، بەشدار بازیانی وتی" لە ٢٨ی مانگی ڕابردوو لەلایەن چوار مەفرەزەی ئاسایش لەگەڵ هاوپیشەکانم دەستگیرکراین".
دەشڵێت" دەستمان بردووە بۆ کۆمەڵێک بابەتی زۆر هەستیار کە زانیومانە زیانی بە ئاسایشی نیشتیمانی گەیاندووە، بەکارهێندرابێتین یان نیەتمان بوبێت پرۆگرامێک بکەین".
بازیانی ڕاشیگەیاند" هەر کەس زیانمەند بوبێت داوای لێبووردن دەکەین، نیەتی خراپمان نەبووە".