دادگەی باڵای فیدراڵیی جێگرەوەی دادوەرە کوردەکەی دیاریکرد

لە شوێنی دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری کە ساڵیک لەمەوبەر بە فەرمی دەستی لە ئەندامییەتی دادگای باڵای فیدراڵی کێشایەوە، دادوەر سدقی زێباریی بەربژێر کراوە.

میدیاکانی پارتی بڵاویان کردوەتەوە کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان،  لە شوێنی دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری کە ساڵیک لەمەوبەر بە فەرمی دەستی لە ئەندامییەتی دادگای باڵای فیدراڵی کێشایەوە، دادوەر سدقی زێباریی بەربژێر کردووە.
 
بڕیارە لەدوای جەژنی رەمەزان مەرسوومی کۆماریی دەستبەکاربوونی بۆ دەربکرێت.

 میدیای پارتی لەزاری پسپۆرێکی یاسایی رایگەیاند"  "پڕکردنەوەی ئەو پۆستە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی فیدراڵیە و ئەندامی یەدەگ ناتوانێت رۆڵی ئەندامی هەمیشەیی ببینێت."
 
بەگوێرەی یاسای دادگەکە دەبێت هەرێم و پارێزگاکان نوێنەریان لەو دادگەیەدا هەبێت.
 
لە کۆی ٩ ئەندامە بنەڕەتییەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، دوو ئەندامیان کوردن، بەڵام پێکەوە ناتوانن رێگر بن لە هەر بڕیارێکی پەیوەندیدار بە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان، بەو پێیەی عەرەب زۆرینەی پێکدەهێنن.

دادوەر سدقی زێباری، خەڵکی پارێزگای دهۆکە، نزیکەی ٢٠ ساڵ خزمەتی لە دادگەکان هەیە، دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی موسڵە.

عەبدولڕەحمان زێباری کە رۆژی  ١٢ ئازاری ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر دەستی لەکار کێشایەوە و رایگەیاند" لە پێگەیەکدا خۆی بینیوەتەوە، کە توانا زانستی و ئەکادیمییەکانی لە بەجێهێنانی ئامانجەکەی لە بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەستووری لەپێکەوتووە."






PM:03:25:27/03/2025