وەزارەتی ناوخۆ بڕیار دەدات ئەو ماتۆڕسکیلانەی بۆ کەیفخۆشی بەکاردەهێنرێن لە هەر شوێنێک بیانبینین دەستیان بەسەردادەگرین.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند " لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن قسەمانکردووە، ئەو ماتۆڕانەی بە تایبەت بۆ گەیاندنی خواردن بەکاردەهێنرێت، پێویستە کە ماتۆڕی نوێیان هێنا، کارەبایی و بێدەنگ بێت، تابلۆی پێبدرێت و ماتۆڕسوارەکە مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت".
لە درێژەی لێدوانەکەیەدا، میرانی ئاماژە بەوە دەکات، جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، ماوەی شەش مانگیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێدراوە، رەنگە بتوانرێت کاتەکەش درێژبکرێتەوە، کۆمپانیاکانیش هاتوونەتە سەر خەت و دەستیان بە هەنگاوەکانیان کردووە.
هێمن میرانی لە کۆتاییدا رایگەیاند " ئەو کەسانەی ماتۆڕسکیل بۆ مەبەستی کەیفخۆشی و بێزارکردنی هاوڵاتییان بەکاردەهێنرێن، لە هەر شوێنێک ببینرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دواتر ماتۆڕەکە لەناودەبرێت".