" هەناردەی نەوتی هەرێم دوا دەکەوێت "


کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دەڵێت، بۆیان روونبووەتەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق "ئامادە نییە" گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات. حکومەتی هەرێمیش بێدەنگە.

لە راگەیاندنێکی رۆژنامەوانیدا رۆژی هەینی ٢٨ ی ئازار  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بڵاویکردەوە "کۆمپانیا نێودەوڵەوتییەکانی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیان بە گفتوگۆ کرد، ئامانجی کۆبوونەوەکان گەیشتن بوو بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە هاوتەریب و گونجاوبێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکان و بودجەی عێراق."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت "بۆمان روونبووەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت."

ئەو کۆمپانیایە پێیوایە، وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵ دەدات رێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت."

کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەی ئەپیکور ئەو هەنگاوانەی عێراقیان بە "قبووڵنەکراو" ناوبردووە و دەڵێن، "تاوەکو پابەندبوونێک لە حکومەتی عێراقەوە نەبێت، ئامادەنین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین."

تا ئێستا حکومەتی هەرێم لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەرێم پشتگیری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەکات.




AM:12:30:29/03/2025