١٣ دۆسیەی تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری دەمپارتی و جەهەپە، رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا لە چوارچێوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی پەرلەمانتاران، ١٣ دۆسییەی ڕەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.
بەبێی زانیاریەکان لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان دەکرێت، ناوی هەر یەکە لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەمپارتی و گوڵستان کۆچیەگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی و ساڵحە ئایدەنیز، نەژلا دەمیر و بێریتان گونەش ئاڵتان، پەرلەمانتارانی دیکەی ئەو پارتە هەن.
وەک ئەوەی میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان پێکردووە، هەر یەک لە عەلی ماهید باشاری، جیگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری ناسراو بە جەهەپە و سێ پەرلەمانتاری دیکەش ناویان لە دۆسیەکەدا هەیە.
لە ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا، ٨٣٣ دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندی، کە زۆربەیان لەدژی پەرلەمانتارانی دەمپارتی و جەهەپە کراونەتەوە، ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.