وەزیری کارەبای عێراق، هۆشداریی دەدات لەوەی، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ڕاگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێرانەوە، هاوینی ئەم ساڵ زۆر گەرم دەبێت بۆ عێراقییەکان.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق، ڕایگەیاند، ئەگەر سزاکانی ئەمریکا هاوردەکردنی غازی ئێران بگرێتەوە، رووبەڕووی هاوینێکی تاقەتپڕوکێن دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکانی ئەمریکا، هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز، بڕیارەکە رون نییە و گفتوکان لەبارەی ئەو پرسە بەردەوامە.
وەزیری کارەبای عێراق ڕونیشی کردەوە، ئەو هێڵانەی سزاکان دەیانگرێتەوە، ٨٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکەن، کە دیالە و بەشێک لە میسان و بەسرە لێی سوودمەندن.
وەستانی هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق، دەبێتە هۆی داخستنی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا، چونکە عێراق جگە لە غازی ناوخۆ، بۆ کارکردنی وێستگەکانی کارەبا پشت بە غازی ئێران دەبەستێت.