وریشە مورادی بەندکراوی سیاسی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان کە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بەندیخانەی ئەوینی تاران بەندکراوە لە ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی بەندیخانەکە بێبەشکراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ ڕێکخراوی هەنگاو کردووە دەڵێت" وریشە مورادی نەخۆشی دیسکی کەمەر و ملی هەیە و سێ مانگە لە بڕیاری پزیشک تایبەت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ناوبراو تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا نافەرمانیکردنی بەرپرسان بووەتە ڕێگر لە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە بەپەلەیە".
پێشتر ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لە بارەی بارودۆخی ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە" ئەشکەنجەدانی وریشە مورادی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە بە ڕادەیەک توند بووە کە لە حاڵەتێکدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و بە تەواوی لە هۆش خۆی چووە".
لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی سێدارەیان کرد، بەتایبەتی ئەو حوکمەی کە لە دژی سێ ژنی زیندانیکراوی کورد وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی دەرکراون.
وریشە مورادی لە ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
وەریشە بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها ئەندامی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ە، لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەندیخانەی (ئێڤین) زیندانیکراوە.