بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ساڵانێکە مشتومڕی زۆری لێدەکەوێتەوە، لە هەفتەی رابردوودا چەند جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا کە بڕیاربوو تێیدا دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو هەفتەی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بە بیانووی بەڕێوەچوونی یاری هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا دواخرا.
دانیشتنەکەی پێشووتریش بە بەبیانووی نەبوونی نیسابی یاسایی بەڕێوە نەچوو کە خاڵی یەکەمی تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
بە پێی زانیارییەکانی سپی میدیا، بوونی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە کارنامەکەدا، هۆکاری سەرەکی دواخستنی دانیشتنەکە بووە، ئەو پرۆژەیاسایە کە بڕیاربوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی لەگەڵ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکەن و بەشەکەی دیکەش کە گروپەکانی سەر بە قەیس خەزعەلی و هادی عامرییان لە نێودایە نایانەوێت یاساکە تێپەڕیندرێت.
هاوکات هەر بە پێی زانیارییەکان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامداوە و بڕیاریانداوە بەشداری هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نەکەن ئەگەرهاتوو دەنگدان لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە کارنامەکەیدا نەبێ.