بەرەی کوردستانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سیستەمی فیدراڵی باشترین هاوکێشەیە بۆ سووریا، دەشڵێت" کابینەکەی ئەحمەد شەرع بەرهەمی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی نییە و نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی سوریا ناکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ ئازار بەرەی کوردستانی سووریا لە کاردانەوە بە پێکهاتنی کابینەکەی ئەحمەد شەرع بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت" گەلی سووریا هیوای دەخواست دوای ڕووخانی ڕژێم، ئەم قۆناغە ببێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بە ستەم و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی فرە لایەن، بەڵام ئەوەی لەو کاتەدا ڕوویدا لە پێکهێنانی حکوومەتی کاتی و پاشان پرۆسەی بەناو دیالۆگی نیشتمانی، دواجاریش حکوومەتی ڕاگوزەر، دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی ئێستا بە بەرگێکی ئیسلامی بەرەو ستەمێکی نوێ دەڕوات، لەبری دامەزراندنی شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە."
بەرەی کوردستانی سوریا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر حکومەتێکی کاتی ڕاستەقینە، دەبێت بەرهەمی دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر بێت کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتەکان بکات و قۆناغێکی نوێ لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و پلۆرالیزم و هاوبەشی کاریگەر دابمەزرێنێت.
بەرەی کوردستانی سووریا دەڵێت: داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای پەراوێزخستن بنیات نانرێت، بەڵکو لە ڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانییەوە بونیاتدەنرێت کە بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی پتەو دەکات و مافی هەموو خەڵکی سوریا بەبێ جیاوازی دەستەبەر دەکات.
بەرەی کوردستانی سووریا هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" ئەم حکوومەتەی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی نییە و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی ئەو هەمەچەشنییە نەتەوەییە نییە کە لەوڵاتەکەدا هەیە، ئەم حکومەتەش ناتوانێت هیچ شەرعییەتیەک بەدەست بهێنێت تا نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بەکوردیشەوە نەکات".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیاندا بەرەی کوردستانی لە سوریا جەخت دەکەنەوە لەوەیی سیستەمی فیدراڵی بۆ ئەمڕۆی سووریا باشترین چارەسەرە کە دەتوانێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و مافی هەمووان بپارێزێت.
درەنگانی شەوی رابردوو سەرۆکی راگوزاری سوریا ئەحمەد شەرع کابینەی نوێێ حکومەتی سوریای راگەیاند و لە وتارێکدا کە لە میانی مەراسیمی ڕاگەیاندنی حکومەت پێشکەشی کرد، ئەحمەد شەرع جەختی لە خواستی خۆی بۆ "بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر" کردەوە.