کەشناسی عێراق: کەشوهەوا ناجێگیرە و ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ هەیە

کەشناسی عێراق پێشبینیدەکات، ئەمشەو دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ڕوو لە وڵات دەکات کە تا نیوەڕۆی سبەی دووشەممە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە دەستەی كەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا وردەكاری زیاتری لەبارەی ڕەوشی كەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند كە پێشبینی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەکات و دەڵێت" لە ئەمشەوەوە ئەگەری بارانبارین بۆ مامناوەند لە ناوچە جیاجیاکان هەیە، لەگەڵ هەورە تریشقە و ڕەشەبا". 

ڕوونیشیکردەوە، ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاح الدین، دهۆک، بەغدا، دیالە و سلێمانی هەیە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی عێراق، سبەینێ دووشەممە ئاسمانی وڵات ساماڵ بۆ نیمچە هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانی سوك بۆ مامناوەند لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باکور و لە بەشێك لە ناوچەی باشور هەندێك جار هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت و بارانەكە لە ناوچەکانی باكووری ڕۆژهەڵات و بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكان بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرما كەمێك دادەبەزن لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكوور و مەودای بینین لە  (٨ - ١٠)كم وە لە كاتی باراندا دەبێتە (٥ - ٧) كم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزترین پلەكانی گەرما بۆ سبەینێ دووشەممە لە هەولێر و دهۆك ٢٦ و سلێمانی ٢٢ و كەركوك ٢٧ و نەینەوا ٢٨ و سەڵاحەدین و ئەنبار ٢٩ و بەغدا و دیالە و كەربەلا و واست ٣٠ و نەجەف ٣١ و میسان و ناسرییە و موسەننا و بەسرە ٣٣ پلەی گەرمی دەبێت.

سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی سێشەممە کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات کە ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە ناوچەی باكور نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، دواتر شەوانە دەگۆڕێت بۆ ساماڵ لە هەموو ناوچەكاندا، هەروەها پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بەرزدەبنەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بۆ ڕۆژی چوارشەممە، ئاسمان لە تەواوی ناوچەكەدا نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی سوك بۆ مامناوەند لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكووری وڵات، بەڵام لە بەشەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی وڵات بارانەکە بەخوڕ دەبێت و پلەكانی گەرما لە نزیك ئاستی پێشوو دەبن لە ناوچەکانی باكوور و ناوەڕاست و باشوور، هەروەها لە كاتی باراندا مەودای بینین لە  (٨ - ١٠)كم وە دەبێتە (٥ - ٧) كم.

وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە، بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ئاسمان لە نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی سوك بۆ مامناوەند لە ناوچەكانی باكوور و باشوور بە تایبەت لە بەشە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵات و ناوچە شاخاوییەكانی باكور، هەروەها پلەكانی گەرما چەند پلەیەك دادەبەزن لە سەرتاسەری وڵاتدا، و مەودای بینین لە (٦ - ٨) كم وە لە کاتی باراندا دەبێتە (٥ - ٧) كم. 



PM:07:19:30/03/2025