ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات بە دەربڕینی ناڕەزایی خۆی لە دانانی حکومەتێک لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە بە هەنگاوێکی دورکەوتنەوە لە چارەسەر و درێژەدان بە پابەندنەبوونی حکومەت لە بنەما سەرەتاییەکانی بەشداریکردن و فرەچەشنی ناوچەکە دەزانێت.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، ئەمشەو یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دانانی حکومەتی کاتی سوریا کە دوێنێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە ڕاگەیەندرا و دەڵێت" حکومەتی نوێ ڕەنگدانەوەی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەمەچەشنەکانی سوریا نەبووە، بەو پێیەی مەیلی تاکلایەنە زاڵ بوو بەسەریدا سەرەڕای بوونی هەندێک کەسایەتی تەکنۆکرات، هەروەها ئەنجومەن سەرنجی بۆ نەبوونی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ژنان ڕاکێشا کە نوێنەرایەتی گەورەترین توێژی کۆمەڵایەتی دەکەن و لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئاوارەبوون، لەدەستدان، توندوتیژی و پەراوێزخستنی سیاسییەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردەوە کە" پێکهێنانی حکومەت بەمشێوەیە ناکرێت بە هەنگاوێک بۆ چارەسەر هەژمار بکرێت، چونکە لەلایەن تاکە قەوارەیەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت کە سیمایەکی ئایدیۆلۆژی ڕوونی هەیە، ئەنجومەن پێی وایە کە قسەی هەنگوین و دروشمی ڕووکەش ناتوانێت واقیعەکە بگۆڕێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەر حکومەتێکی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە بێت و هەموو هێزە چالاکەکانی سەر زەوی لەخۆ بگرێت".
ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە" ئەو پرۆسەی دانانی کە لە دوای پێکهێنانی کۆمیتەی دیالۆگەوە پەیڕەوکراوە، نیشاندەری پابەندنەبوونی دەسەڵاتدارانی دیمەشقە بە بنەما سەرەکییەکانی بەشداریکردن و فرەچەشنی، ئەمەش هۆشداری دەدات لە نەبوونی قۆناغێکی ڕاگوزەری ڕاستەقینە کە دەوڵەتی سوریا بەپێی پێوەرە سیاسییە دروستەکان ئاوەدان بکاتەوە".
ئەنجومەنەکە داوای لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکات کە پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانی ڕێبازێکی سیاسی نوێ لەسەر بنەمای پرەنسیپی دیموکراسی ڕاستەقینە کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت، دوور لە سیاسەتی ئیستسنای کە سەلماندوویەتی شکستخواردووە.
هەروەها ئەنجومەن جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی پێشوو لە بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەی کە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان بەدەستهێنانی سەقامگیریدا بێکاریگەر بوون، کردەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە" سوریا پێویستی بە چارەسەری نوێ هەیە لەسەر بنەمای دیالۆگ و کۆدەنگی، نەک دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو شێوازانەی کە قەیرانەکەیان گەورەتر کردووە و ئازارەکانی گەلی سوریایان درێژکردووەتەوە".