سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کوردی خەڵکی چالدێران کە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ زیندانیکرابوو لەلایەن دیوانی باڵای دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی گوندی (سەگریک)ی سەر بە شاری چالدێران لەلایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو ڕاگەیەندراوە.
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی ڕابردوو، حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەوەشی خستەڕوو، حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا داندراوە و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنیا دوو پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە.