زانیاری نوێ له‌باره‌ى مووچه‌ى مووچەخۆرانی هه‌رێمه‌وه‌ ڕاگەیەندرا

وەزیری دادی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێویستە هه‌رێمى كوردستان خۆى بگونجێنێت له‌گه‌ڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی ئه‌و بنه‌ما و ڕێنماییه‌ دارایی‌ و ئیداریانه‌ى كاریان پێده‌كرێت جێبەجێبکرێن". 

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق کە لە پشكى یه‌كێتی-یە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ شارى كه‌ركوك ڕایگه‌یاند" کێشەی مووچەی فەرمانبەران بە بنەڕەتی چارەسەر کراوە و هیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی نییە و هیوادارم چارەسەربکرێت". 

جەختیشیکردەوە، موچەی فەرمانبەران کێشەی تەکنیکییە و نابێت بە سیاسی بکرێت. 

وەزیری دادی عێراق دەشڵێت" پێویستە ئەو کێشە ئیداری و تەکنیکیانە چارەسەر بکەین و هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ ڕێنماییەکانی حكومەتی عێراق بگونجێنێت و هیچ کێشەیەک نەبێت بۆ ئەوەی مووچە دوانەکەوێت". 

خالید شوانی ڕاشیگەیاند" ئه‌و كێشانه‌ى بۆ مووچه‌ دروست ده‌بێت، هونه‌رین نه‌ك سیاسی، په‌یوه‌ندى به‌خۆگونجاندن‌ و خۆڕێكخستنه‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ما و ڕێنماییانه‌ى كه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق كاریان پێده‌كرێت".



AM:09:26:31/03/2025