سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە ساڵی داهاتوو ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و وادەکەی درێژناکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٥ لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند"بارودۆخی ئەمنی لە عێراق بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ زۆر گۆڕاوە، ئێستا هێزە ئەمنییەکانمان توانایان زۆر باشتر و بەهێزترە، دەتوانین پشت بە هێزەکانی خۆمان ببەستین بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی وڵات."
وتیشی "بەدڵنیاییەوە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، قۆناخی یەکەمی ئەم ساڵ و قۆناخی دووەمی لە ٢٠٢٦دا کۆتایی پێدێت و، وادەکەی درێژناکرێتەوە."
لەبارەی دۆخی سنوورەکانیشەوە، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دڵنیایی دەدات، "جگە لە پاراستنی ئاسایشی نێوخۆ، هێزەکانمان توانیویانە سنوورەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەباشی بپارێزن و هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نییە، توانیویشمانە قاچاخچیێتی لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی بنبڕ بکەین."
نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیێتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراقدان.
رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دوو قۆناخ دەبێت، یەکێکیان ئەمساڵ ٢٠٢٤ دەستپێدەکات و، تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، قۆناخی دووەمیش ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی پێدێت.