ساڵح موسلیم، ئاشکرایکرد، دانوستان لەنێوان هەسەدە و تورکیا بە چاودێری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە بە میدیاکانی رایگەیاند، "بە نێوەندگیریی هاوپەیمانان، هەسەدە لەگەڵ تورکیا و گرووپە چەکدارەکان لە دانوستاندایە و هیوادارین دانوستانەکان ئەنجامی هەبێت و ناوچەکە ئارام بێتەوە".
وتیشی، "دانوستانەکان بە تەواوەتی سەربازییە و هەسەدە تیادا بەشدارە و لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، زانیارییم نییە لە چ شوێنێکە، بەڵام پێدەچێت لە بنکەی ئینجەرلیک بووبێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە پیشتریش كهناڵی ئەلعەهد لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە ئاشکرای کرد، ئەمریکا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی خێراتری ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە، پەیوەندیی چڕوپڕی لە نێوان ئەو دو لایەنە ئەنجام داوە و هەوڵی داوە کەناڵێکی راستەخۆی پەیوەندیکردن لە نێوانیان دروست بکات.