" سپی " تەور وەشێنەکەی دهۆک کە تەورێکی لەسەری ژنێکی کریستیان داوە، " شیشانییە "( نوێکراوەتەوە)


ئەمڕۆ سێ شەممە ١ی نیسان لە کاتێکدا کریستیانەکانی دهۆک دەڕۆن بۆ سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵی بابلی و ئاشورییەکان، کەسێک بە تەورێک هێرشدەکاتە سەر ژنێکی بە تەمەنی کریستیان و گەنجێک کە کوڕی ژنەکەیە. شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆک لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت" تیرۆریستی بووە".

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی دەست " سپی " کەوتووە ئەو پیاوەی تەورەکەی پێبووە خەڵکی شیشانەو لە سوریاوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان.

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ لەکاتێکدا خەڵکی کریستنەکان دەڕۆن بەرەو شوێنی ئاهەنگەکە ئەم پیاوە لێیان پەیدا دەبێت و بەتەور هێرشدەکاتە سەر ئەم ژنە بەتەمەنەو کورێک و تەورێک دەدات بەسەری ژنەکەدا، کە بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان ژنەکە دۆخی تەندروستی خراپە. تەوری دووەمیش بەر سەری کورەکەی دەکەوێت کە ١٧ ساڵە.

هێزە ئەمنییەکان تەنها ئاماژەیان بەوە داوە کە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستی پێکردووە.

لەبارەی شوناسی هێرشبەرەکەوە تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان هیچیان بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن" شیشانی " بێت.   

ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگاری دهۆک، عەلی تەتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا هێرشەکەی مەحکومکرد. 

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆکیش لەبارەی هێرشەکەی رێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" هێرشەکە تیرۆریستی بووە". 






PM:05:40:01/04/2025