وتەبێژی دادی عێراق ئاشکرای دەکات کە تاوەکو ئێستا ٥٠٠ سزادراو بەگوێرەی یاسای لێبووردنی گشتیی ئازادکراون و پێشبینیش دەکات ژمارەیەکی زۆر سزادراو ئازاد بکرێن و کاریگەریی هەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی سزادراون لە چاکسازییەکان.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە" تاوەکو ئێستا ٥٠٠ سزادراو بەگوێرەی یاسای لێبووردنی گشتیی ئازادکراون ، و وەک وەزارەتی داد لایەنی جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەنجوومەنی دادوەرین سەبارەت بە ئازادکردنی سزادراون، دوای ئەوەی بڕیاری لێبووردنی گشتیی پلەی کۆتایی وەردەگرێت، دەستبەجێ سزادراوەکان ئازاد دەکرێن".
وتیشی "پێش ئازادکردنی هەر سزادراوێک، لێکۆڵینەوە دەکەن و لەوە دڵنیادەبنەوە کە لە هیچ کەیسێکی دیکە داواکراونەبێت، ئەو کات ئازاد دەکرێت".
بەوتەی ئەحمەد لعێبی، پێشبینی دەکەن بەهۆی یاسای لێبووردنی گشتییەوە، تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر سزادراو ئازاد بکرێن و کاریگەریی هەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی سزادراون لە چاکسازییەکان.
راشیگەیاند" وەزارەتی داد پلانێکی داڕشتووە بۆ رێگەگرتنی لە جەنجاڵبوونی چاکسازییەکان، بەمەبەستی جێگەکردنەوەی زۆرترین ژمارەی سزادراو لە چاکسازییەکاندا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ."
جەختی لەوەکردەوە، بەگوێرەی پلانەکە، چاکسازیی نوێ لە هەریەک لە میسان و دیوانییە دەکرێتەوە و چاکسازییەکانی نەینەوا و بەغداد و بەغدادی ناوەندی فراوانتر دەکرێن.