بۆچی دابەزینی کێش له پیاواندا خێراترە بەراورد بە خانمان؟

د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، لە بابەتێکی تەندروستیدا کە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێوەیەکی گشتی دابەزینی کێش له پیاواندا خێراترە لە کاتی ڕێجیم بە بەراورد له خانماندا، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن: 

پیاوان ڕێژەیەکی زیاتریان لە ماسولکە هەیە له بەشی سەرەوەی جەستە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە له پڕۆسەی سوتاندنی چەوری و دابەزاندنی کێش.

هۆرمۆنی تێستیڕۆن ئاستی هۆرمۆنەکە لە پیاوان (١٠) هێندەی ئاستی هەمان هۆرمۆنە لە خانماندا و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە بەکارهێنانی کالۆری و سوتانی چەوری. 

خانمان لە کاتی قەلەقی و دڵەڕاوکێ پەنا بۆ خواردن دەبەن و بەرگەی بۆن و بەرامەی خۆراک ناگرن بە پێچەوانەوەی پیاوانەوە کە لە کاتی فشاری دەرونی و قەلەقیدا دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن. 

پیاوان زۆر گرنگی بە دابەزینی خێرا و زۆری کێش دەدەن لە سەرەتای ڕێجیم و خەمی ئەنجامێکی سەرەنج ڕاکێشیان هەیە لە دەستپێکی دایتدا، بۆیە زۆرتر پاپەند دەبن بە پڕۆگرامی خۆراک و وەرزشکردنەوە. 

زۆربەی چەوری زیادە لە پیاوان لە ناوچەی ورگ و سینگدا کۆدەبێتەوە و شێوەی کۆبوونەوەی چەوریەکە لە سێو دەچێت کە خێراتر دادەبەزێت، لە کاتێکدا شێوەی کۆبوونەوەی چەوری لە خانماندا لە هەرمێ دەچێت و لە ناوچەی سمت و لاکەلەکەدا زیاتر کۆدەبێتەوە کە زۆر بە زەحمەت و کاتێکی زیاتر دەتوێتەوە. 

لە هەر دوو ڕەگەزدا سەرکەوتن لە دابەزندنی کێش پەیوەستە بە کۆمەڵێک بنەمای سەرەکیەوە لەوانە بەرنامەی خۆراکی گونجاو و تەندروست، نوستنی پێویست لە شەو و دوورکەوتنەوە له شەونخوونی، وەرزش، خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو لە نێوان ژەمەکان، وەرگرتنی بڕی پێویست له ماددە ڕیشاڵیەکان لە ڕێگای خۆراکەوە، کەمکردنەوەی سترێس، ئێرادەی بەهێز و هاوکاری ئەندامانی خێزان.



PM:01:02:02/04/2025