ئەمڕۆلە رۆژی جیهانی ئۆتیزم سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٩٠٠ منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون و لە هەر ٩٠ منداڵی لەدایکبوو، یەکیان ئۆتیزمە.
رۆژی چوارشەممە ٢ـی نیسانی ٢٠٢٥ کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ساڵی ٢٠٠٨ لە ١٥٠ منداڵی تازە لەدایکبوو لە هەرێمی کوردستان یەکیان ئۆتیزم بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە زیادی کردووە و لە ٩٠ منداڵی لەدایکبوو یەکیان ئۆتیزمە".
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دا؛ رەنگە دوای ٢٠ ساڵی دیکە "لە ١٠ بۆ ١٥ منداڵی تازە لەدایکبوو، یەکیان ئۆتیزم بێت" و وتیشی "رەنگە هەر ماڵە و ئۆتیزمێکی هەبێت".
کەمال جەباری دەڵێت"سێ هەزار و ٩٠٠ ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە لەو ژمارە تەنیا ١٢٪ـیان لە سەنتەرەکانی ئۆتیزمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سودمەندن و ٤٠٪ـی خێزانی ئۆتیزم بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن".
دەشڵێت "تاوەکوو ئیستا ٥٠ خێزان بەهۆی منداڵی ئۆتیزمەوە هەڵوەشاونەتەوە، هەروەها ٨٠%ـی دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم تووشی گرفتی دەروونی بوون".
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە کوردستان دووپاتی کردەوە؛ "١١%ی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە لایەن حکوومەتەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە ژمارەیان ٣٩٤ منداڵە. بۆ بڕینەوەی مووچەی سەرجەم منداڵانی ئۆتیزم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوەکانی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکوو ئێستا کارەکانی تەواو نەکردووە".
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە هەولێر ١٤ سەنتەری ئۆتیزم، سلێمانی ٨ سەنتەر، دهۆک ٧ سەنتەر و گەرمیان ٤ سەنتەری ئۆتیزم هەن.
هەر بەپێی ئاماری کۆمەڵەکە، لە کۆی سێ هەزار و ٩٠٠ ئۆتیزم، هەزار و ٣٥٠ـیان لە پارێزگای هەولێرن کە ٨٠٪ـیان کوڕ و ٢٠٪ـیان کچن. ٩٥٠ منداڵی ئۆتیزم لە هەڵەبجە و سلێمانین کە ٧٩٪ـیان کوڕ و ٢١٪ـیان کچن. لە دهۆکیش ٩٠٠ منداڵی ئۆتیزم هەن کە ٧٧٪ـیان کوڕ و ٢٣٪ـیان کچن.
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ٣٥٠ منداڵی ئۆتیزم هەن کە %٧٦ـیان کوڕن و ٢٤٪ـیان کچن، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٣٥٠ منداڵی ئۆتیزم هەن کە لەو رێژەیە ٨٠٪ـیان کوڕ و ٢٠٪ـیان کچن.