ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی زانیاریی نوێ و گرنگ لەبارەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەخاتەڕوو.
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لە سێ ئاراستەدایە، یەکێکیان لەسەر شێوازی حکومڕانییە و دەڵێت، "ئەمەیان زۆر باش چووەتە پێش".
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتی لە رابردوودا گلەی زۆری لە شێوازی حکومڕانی هەرێم هەبووە، نەک گلەی لە پلە و پۆستی حکومی، بۆیە بەردەوام قسەیان لەسەر راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەرێم کردووە، بەوتەی ناوبراو، یەکێتی و پارتی بۆ رێککەوتنی حکومەت هەنگاوی زۆر باش چوونەتە پێشەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان رێکنەکەوتوون کە چ وەزارەت و پۆستێکیان دەبێت، تا مەرجی بۆ دانێن، دەشڵێت، مەرجی سەرەکیی یەکێتی "خزمەتکردنی خەڵکە و دەبێت حکومەتێک بێت هی خەڵک بێت".