بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنی نێوان جڤاتی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا ١٤٦ زیندانی و ٩٧ ئەندامی دەسەڵاتی دیمەشق ئازادکران.
ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردەوە" ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لە نێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژوو کرا، ڕێککەوتنەکە ١٤ بڕگەی سەرەکی لە خۆدەگرێت، لەوانە پەرەپێدانی پێکەوە ژیان، پاراستنی دانیشتوان، ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چەکداری و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ، هەروەها ڕێککەوتنەکە پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و ئاسانکاری هاتووچۆ لەخۆ دەگرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە، ئازادکردنی زیندانەکانی نێوان هەردوولا جێبەجێکرا کە ١٤٦ زیندانی و ٩٧ ئەندامی حکومەتی دیمەشق ئازادکران.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، شوێنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە بەردەم ئالشیهان ئەنجامدرا کە دەکەوێتە دەرەوەی گەڕەکی ئەشرەفیە و تەنیشت گەڕەکەکانی دیکەی حەلەب.
هەروەها بەپێی سەرچاوەکانی جڤاتی گشتی، ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێنەرایەتی جێبەجێکردنی بەشی یەکەمی ڕێکەوتنەکە دەکات، پێشبینیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەجبەی دووەم ڕێکبخرێت.
لای خۆشییەوە ئاژانسی فەرمی هەواڵی سوریا - سانا بڵاویکردەوە" پرۆسەی ئاڵگۆڕکردنی دیلەکان لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیپێکردووە و ژمارەی زیندانییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٠ کەس".