شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەھێزی باران و تەرزە و ھەورە بروسکە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بە تایبەتیش لوتکەی کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی باشوری ھەرێم دەبێت".
ئاراس جەبار شارەزای کەشوهەوا، ئەمشەو پێنج شەممە بڵاویکردەوە" پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممە ٥ی نیسان شەپۆلێکی بەھێزی باران و تەرزە و ھەورە بروسکە لە دەریای سوورەوە بە ھاتنی ھەوایەکی شێدار و گەرم ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە و بە تایبەتیش لوتکەی کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی باشوری ھەرێم دەبێت و ئەگەری دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری بەھێز لەبەرگە ھەوای ئەو ناوچانەدا ھەیە کە ببێتە ھۆی دروستبوونی کەڵەکە ھەوری گەورە و پر باران و تەرزەی بەخوڕ، لەگەڵ ڕوودانی بروسکەی تونددا و دروستبوونی لافاویش، بەھۆی خێرای دابارینی رێژەیەکی زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا لە یەک تاوە باراندا کە ئەمەش خاسڵەتی بارانبارینەکانی ئەم مانگە و بە تایبەت بارانی وەرزی بەھار و گەرمبوونە کە بەرگە ھەوا دەکشێت و رێژەیەکی زۆرتر لە ھەڵمی ئاو لە ستونێکی تەسکتردا ھەڵدەگرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر ئەمەش وادەکات لەکاتە گەرمەکاندا بارانەکان بەھێزتر داببارێن و تەرزەیان لەگەڵ بێت وە رووبەری کەمتر لە شوێنەکان دەگرنەوە کە جاری وایە تەنھا چەند گەرەکێک لە شارێکدا لە ماوەی چەند خولەکێکدا زیاتر لە ١٥ بۆ ٢٠ ملم دەبارێت، بەڵام ئاساییە گەرەکەکانی نزیک ئەو گەرەکانە لەوانەیە تەنھا چەند دۆڵپێک باران ببارێت یان ھیچ بارانێک نەبارێت.
ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەم شەپۆلە تەنھا رۆژی شەممە دەخایەنێت لە کاتەکانی بەرەبەیانی شەممەوە تا کاتەکانی درەنگی شەو بەردەوامی دەبێت و زۆرترین رێژەی بارانبارینەکان و بەھێزی بروسکەکان و چالاکی با دەکەوێتە نێوان کاتژمێرەکانی عەسر بۆ ئێوارە، رێژەی بارانی پێشبینیکراو ھەرچەندە رێژەکان دەکرێت جیاوازدا بن، بەڵام بەم شێوەیە چاوەروان دەکرێت:
ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی ٣٠ تا ٧٠ ملم
پارێزگای ھەڵەبجە ٣٠ تا ٥٠ ملم
پارێزگای کەرکوک ١٥ تا ٣٠ ملم
ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بەگشتی ٢٠ تا ٥٠ ملم
پارێزگای ھەولێر ١٠ تا ٢٠ ملم
پارێزگای دھۆک ١٠ تا ٢٠ ملم
ئیدارەی راپەرین ٢٠ تا ٤٠ ملم
ئیدارەی سۆران ١٠ تا ٢٥ ملم