پێدانی هەموو جۆرە ڤیزەی سعودییە بۆ هاوڵاتیان هەرێم راگیرا

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم  ڕایگەیاند"پێدانی هەموو جۆرەکانی ڤیزەی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان راگیرا" و  دەشڵێت"ئەوانەی ڤیزایان وەرگرتووە دەبێت تا ١٣ی مانگ گەشت بکات".

کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی بڕیاری سعودیە، پێدانی هەموو جۆرەکانی ڤیزەی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان راگیرا، مەگەر ئەوانەی پێشتر ڤیزەیان وەرگرتبێت بتوانن گەشت بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی ڤیزایان وەرگرتووە دەبێت تاوەکو ١٣ی مانگ گەشت بکەن، دوای ئەو ماوەیە ڕێگایان پێ نادرێت گەشتی ئەو وڵاتە بکەن، و ئەوانەشی ئەوانەشی دەگەنە سعودیە، دەبێت ٢٩ بۆ ٣٠ نیسان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

ئەم بڕیارەی سعودیە لەکاتێکدایە، ساڵی پار بەشێک لەوکەسانەی ڤیزای گەشتیارییان وەرگرتبوو حەجیان کرد، ئەمەش دەسەڵاتدارانی سعودیەی ناچارکرد ئەو بڕیارە بدەن و ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە.




PM:12:50:04/04/2025