وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی وەڵامی بەیاننامەیەکی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی دایەوە و تێیدا داوای دەستبەجێ دەستپێکردنی دانوستان و دیالۆگ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا دەکات.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروستی هەموارکردنی یاسای بودجە کە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥ پەسەندکرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات دەستپێبکات".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی خاو دەکاتەوە کە ڕادەستی ڕێکخراوی بە بازاڕکردنی نەوتی (سۆمۆ) یان بۆ وەزارەتی نەوت دەکرێت، هەروەها مەرجی ئەوەی داناوە کە تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر بوارێک بە تاک لەلایەن ڕاوێژکاری نێودەوڵەتییەوە حیسابی بۆ دەکرێت، هەروەها ئەو تێچوونانە بۆ دیاریکردنی پارەدان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتەکە ڕوونیشیکردەوە کە" هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێویستی بە گواستنەوەی دەستبەجێی سەرجەم بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ڕێکخراوی بە بازاڕکردنی نەوتی (سۆمۆ) و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، لەگەڵ جێبەجێکردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کاتی، بۆ ئەوەی پارە بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی کارەکانی ئەنجام دەدات".
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی عێراق هەنگاوی جددی ناوە بۆ نیشاندانی نیەت پاکی خۆی لە دانوستانەکان و دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا (ITP) بە خێرایی و بەرپرسیارانە، بە بەردەوامی کاردەکات بۆ دڵنیابوون و خزمەتکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی وڵات، هەروەها هەوڵی بەرچاوی داوە بۆ پاراستنی سامانی عێراق و جێبەجێکردنی چارەسەری یاسایی و بەردەوام.
وەزارەتەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی" تەحەدای بنەڕەتی لەم دانوستانانەدا ئەوەیە کە هەر جارێک پێشکەوتن لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیاریکراوەوە ئەنجام دەدرێت، هەنگاوی دیکە بەرهەم دەگیرێتەبەر، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نا، داواکارییە ناڕاستەقینەکان کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییدان، ڕێگرن لە پێشکەوتن بەرەو یەکلاییکردنەوەی کۆتایی، بە تایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە نوێیەکان کە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشوون".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" ئەو جۆرە داواکاریانە خزمەت بە دانوستانە بنیاتنەرەکان ناکەن کە لەسەر بنەمای نیەت پاکی بنیات بنرێت".
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای" کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و دیالۆگ" دەکات، بەو مەرجەی "دانوستاندنەکان دەبێت ملکەچ و بەپێی یاسای بودجەی هەموارکراو بێت، هەروەها دەبێت بگاتە میکانیزمێکی کارکردنی ڕوون کە مافەکانی عێراق بپارێزێت و پابەندبوونەکانی بەرامبەر وەبەرهێنەران گەرەنتی بکات".
وەزارەتەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا دەڵێت" ئامانجی سەرەکی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەستبەجێ و بەشێوەیەکی سەلامەت و یاسایی، هاوکات دەستەبەرکردنی سەروەری یاسا و پاراستنی سامانی نیشتمانی لە هەر ئیستغلالێکی نایاسایی".
کۆمپانیای ئەپیکۆر کە کۆمەڵەیەکی هەشت کۆمپانیای نەوتییە و لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیکردووەتەوە، "هەناردەکردن دەستپێناکاتەوە تاوەکو بەغدا پابەندبوونێکی پتەوی بۆ ڕێزگرتن لە گرێبەستەکان و دابینکردنی گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی ڕابردوو و داهاتوو نەبێت".