کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هیچ ئەندامێکمان بەشداریی کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە

کۆنفرانسی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: هیچ ئەندامێکیان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەنەبوون، ئەندامیکی باڵای گۆرانیش دەڵێت: سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆن چونکە ڕێگری کردوە لەوەی نوینەرانی کۆمیسیۆنەکە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن.

ئەمڕۆ شەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٥ باڵی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە گردی زەرگەتەی سلێمانی کۆنفرانسی سێیەمیان ئەنجامدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆنفرانسەکەدا بەرنامەی کاری سیاسیی بزووتنەوەکە و دەستوورەکەی پەسەندکراون. و هەروەها ٥٥ کەس وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان هەڵبژێردران و ١٢ کەسیش وەک یەدەگ دەستنیشانکراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئامادەنەبوونی نوێنەرانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە کۆنفرانسەکەدا گومانی لە دەستوری و فەرمیبوونی کۆنفرانسەکە دروستکردوە.

هەر لەو بارەیەوە دانا عه‌بدولكه‌ریم له‌ لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند"به‌داخه‌وه‌ نوێنه‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ژێر فشاری‌ سیاسیدا نه‌هاتبوو بۆ كۆنفرانسه‌كه‌"، دەشڵیت" لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەلبژاردنەکان تۆمار دەکەین".

لای خۆشییەوە ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند"هیچ ئەندامێکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆن بەشداریی کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە، چونکە ئەو داواکارییەی کە گۆڕانی گردەکە بۆ بەستنی کۆنفرانس پێشکێشی کردبوو، تێیدا داوای کردبوو کە لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ئەندامێک بەشداربێت، بەڵام ئەوانیش بەشدار نەبوون".

سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەبێت هەردوو باڵەکەی گۆڕان (گردەکە و کوردسات) چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن نووسراو دەردەکات بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی کۆنفرانس، کە بەگوێرەی نووسراوێک کە ٤ی نیسانی ٢٠٢٥لە کۆمیسیۆنەوە دەرچووە، داوا لە هەردوو باڵەکەی گۆڕان کراوە چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن کات و شوێنی کۆنفرانس دیاری دەکات، دواتر کاتی کۆنفرانس دیاریبکەن.

بەم پێیە بێت، کە هیچ ئەندامێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشداریی کۆنفرانسی ئەمڕۆی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە بۆ چاودێریکردن، پێدەچێت کۆنفرانسەکە کێشەی یاسایی بۆ دروست ببێت، چونکە دەچێتە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی حیزبییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان(باڵی کوردسات) ڕۆژی رابردوو لە راگەیەنراویکدا بڵاویانکردەوە کە ڕۆژی ١٠ی نیسان کۆنفرانس دەبەستن و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریان کردوە.

لیستی ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان(باڵی گردی زەرگەتە):





PM:03:55:05/04/2025