وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەکانی نوێکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و لە کۆی ٢٠ ملیۆن دانیشتووی حەوت پارێزگاش فۆرمی ١٥.٥ ملیۆنیان نوێکراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، تاڵیب حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەارەتی بازرگانی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند" بەغدادی پایتەخت لە پێش هەموو پارێزگاکانەوەیە لە ڕووی زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی کە فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان نوێکردووەتەوە".
ڕوونیشیکردەوە کە تەنیا لە بەغداد نۆ ملیۆن ٧٧١ هەزار کەس فۆرمەکانیان بە ئەلیکترۆنی کردووە.
تاڵیب حەسەن ئەوەشی خستەڕوو کە نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنی نوێکردنەوەی فۆرمی بەشەخۆراک لە واست، سەڵاحەدین، میسان، دیوانیە، دیالە و ئەنبار بەردەوامە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕاشیگەیاند تەنیا لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا بە تێکڕا ٢٥٠-٣٠٠ هەزار هاووڵاتی زانیارییەکانیان بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک نوێکردووەتەوە.