کەشناسێک پێشبینی دەستپێکردنەوەی تاوە باران و ھەورە بروسکە دەکات و دەڵێت" و گۆرانکاری جیاواز لە پلەی گەرمی روودەدات و لە شەپۆلێکی هەوای سارد روودەکاتە هەرێم و لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دادەبەزێت".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە " سەرەتا سبەی دووشەممە کەشوھەوا لەناوچەکانمان سەقامگیر ئەبێت و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٢ پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرز ئەبێتەوە ".
ئاشکرای دەکات کە " لە دوو سبەی سێشەمەوە ٨ی نیسان ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی خەماسینی باکوری ئەفریقا و لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە و حاڵەتێکی ناجێگیری کەش لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە کە خۆی لەتاوە باران و چالاکبوونی ھەورە بروسکەی ماوە کورت خایان ئەبینێتەوە بەتایبەت لەناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین تا رۆژی پێنجشەمە ١٠ی نیسان ناوبەناو ئەو حاڵەتە لاوازە بەردەوامی ئەبێت بەڵام بەشی ھەرە زۆری کاتەکان کەشەکە سەقامگیرە و تەنھا ماوەیەکی کەم لەکاتەکان لەماوەی ئەو سێ رۆژە لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێکرد ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و تاوە باران ئەبارێت ".
ئەو کەشناسە دەشڵێت" ھەر لە کۆتای ئەم ھەفتە رۆژی پێنجشەمە ١٠ی نیسان پێشبینی دەکرێت بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری باکور ناوچەکانی دەریای ناوەراست و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئەوروپا و تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و بەھۆیەوە جارێکی دیکە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو بۆ خوار تێکرایەکانی نزمدەبێتەوە وە بارستە ھەواکە بەشێوەی وشکە سەرما کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان ئەبێت و کاریگەریەکانی تا ١٤ ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت لەناوچە شاخاویە بەرزەکانیش لە ماوەی کاریگەری ئەو سەرمایەدا پێشبینی ئەکرێت پلەی گەرمی لەشەواندا بۆ سفر و خوار سفر داببەزێت".