کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی ماس رۆژی یەکشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٥ بەهۆی بەدەنگەوە نەچونی خاوەن و بەڕیوەبەری کارگەکە بەدەم داواکارییەکانیانەوە دەستیان بە مانگرتن کرد.
عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسای لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی( سپی) راگەیاند" ماوەی ساڵێکە ئێمە لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی کارگەکەدا لە گفتوگۆداین بۆئەوەی داواکارییەکانی کرێکاران جێبەجێ بکات، بەڵام بەدەم داواکارییەکانی کرێکارانەوە نەچووە".
لەبارەی داواکارییەکانی کرێکارانەوەعوسمان زیندانی وتی" داوا دەکەن هەڵبژاردن بکەن و نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بکەن و داوای زیادکردنی مووچە و قازانجی ساڵانەو چەندان مافی تر دەکەن".
ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ئەمڕۆ لە نیوەڕۆوە دەست بە مانگرتن دەکەن زیاتر لە ١٠٠ کرێکار دەبن.
کارگەی ماس دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای سلێمانی و چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت و ژمارەیەکی زۆر کرێکار تێدا کارددەکەن .