لە ناحیەی ڕۆڤیا ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناحیەی ڕۆڤیا سەر بە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک ژنێکی گەنج لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی پۆلیسی ناحیەی ڕۆڤیا لە هەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە ناو سەنتەری ناحیەی ڕۆڤیا ئاگادار کرانەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی بنکەی پۆلیسی ڕۆڤیا بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە ڕووداوەکە دەستپێکرد و دەرکەوت کە ژنێکی تەمەن (٢٤) ساڵان بە ناوی (م، م، ک) لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی (ا، م، ج)ی تەمەن (٢٧) ساڵان کوژراوە. 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو خێزانە دانیشتووی ناحیەی ڕۆڤیا بوون، لە ئێستاشدا تەرمی ژنەکە بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادی پارێزگای دهۆک کراوە. 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" پاش ڕووداوەکە تۆمەتبارەکە خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ڕۆڤیا کردووە و لە ئێستاشدا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەڕەش تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".



PM:09:07:06/04/2025